Thursday, June 07, 2012

په‌یامی مـــــــن


ئه‌م په‌یامه‌ بۆ ئێستاته‌
ڕێك بۆ ئه‌م ساته‌ی ژیانته‌
بۆ ڕووخانی شاخی توڕه‌بوون ڕقته‌
بۆ هه‌ره‌سی چیای كیــن و ناله‌باری ده‌روونته‌

ئه‌م په‌یامه‌
بۆ شكستی جه‌رده‌كانی ناخی تۆیه‌
بۆ سه‌رگومی شه‌یتانی نێو ڕۆحی تۆیه‌
به‌ كۆڵێ عه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌وه‌
به‌ره‌و پیل و بۆ یارمه‌تیدانی تۆ به‌ڕێوه‌یه‌


ده‌فه‌رموێ
له‌ لوتكه‌ی خۆشبه‌ختیه‌وه‌ هاتووم
له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ ده‌ستی گوڵه‌باغێكی عه‌سقم گرتووه‌ و
به‌ كۆڵێ سه‌وزایی و بۆن و به‌رامه‌ی خۆشه‌ویستی
له‌گه‌ڵ بولبولێكی دڵشاد
به‌ده‌م چڕینی گۆرانی به‌خته‌وه‌ری
به‌ره‌و ئه‌م وه‌رزی به‌هاری نێو ناخی تۆ
به‌ڕێكه‌وتووم
 
هاتووم بڵێم
وه‌ره‌ با به‌خۆشی له‌م ڕێیه‌دا گوزه‌ر بكه‌ین
پلانی هه‌رچی خه‌مه‌ وه‌به‌ر شكستی بخه‌ین
له‌نێو هه‌وراز و لێژی ئه‌م سه‌فه‌ره‌
بوێرانه‌ ڕێ ته‌ی بكه‌ین
هێنده‌ چاونه‌ترس بین
له‌ ئاست هه‌رچی به‌ربه‌ستێ هه‌یه‌
هه‌ڵوێسته‌ش نه‌كه‌ین
به‌رز و نزمی
به‌فر و بۆران
ساردی و گه‌رمی
سه‌رما و سۆڵه‌
گشتی له‌پێناو عه‌شقێكی ئاوڕه‌نگ
وه‌لا بنێین
هه‌ست به‌ بوونی تاكه‌ ڕێگرێكیش نه‌كه‌ین

هاتووم بڵێم
وه‌ره‌با ئاشته‌وایی له‌نێوانمان به‌رپا بكه‌ین
ئاسایش و ئارامی له‌م ووڵاتی عه‌شقا 
به‌رقه‌راركه‌ین
مرۆڤانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت كه‌ین
ده‌ست له‌ناو ده‌ست...  به‌یه‌كه‌وه‌
به‌ره‌و ئه‌م به‌رزایی عه‌شقا به‌ڕێكه‌وین
هه‌ر له‌وێوه‌
دوو كۆتری ڕه‌نگ سپی... هه‌ڵفڕێنین
ئه‌م ووڵاتی نه‌هامه‌تی و ڕق و كیــنه‌
له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنین
ووڵاتێكی ڕووناك به‌خش
بنیات بنێین
یاسایێ بۆ خۆشه‌ویستی و
یه‌كێ بۆ لێبورده‌یی
ده‌ستورێكی تر .... دابڕێژین
دڕكی نادادی بسوتێنین
گوڵی دادپه‌روه‌ری بڕوێنین
په‌یاممان ته‌بایی بێ و 
له‌بۆ سه‌حرای ووشك و چۆڵ
ئاو و ئاوه‌دانی بین

وه‌ره‌ با له‌م جیهادی ژیانه‌
دلێرانه‌ بجه‌نگین
جوامێر و چاو نه‌ترس
ڕۆحێكی پڕ له‌ جوهد وتێكۆشان بین
 سونبولی به‌رخودان و نه‌به‌ردی بین
ۆ
وه‌ره‌ با په‌رده‌ی ڕقمان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌
مۆمێك بۆ له‌دایك بوونی به‌هاری شادی
دابگیرسێنین
ئاهه‌نگێكیش بۆ 
مه‌رگی كینه‌ و ئاشتبونه‌وه‌مان ساز كه‌ین

شۆڕشی عه‌شق هه‌ڵگیرسێنین
له‌ مه‌یدانا ، وه‌كو شه‌مع و په‌روانه‌ بین
له‌ غه‌ریبی بۆ یه‌كتری بسوتێین و
له‌ ته‌نگانه‌ قوربانی یه‌كتری بین
 له‌ دوور یه‌كتریشا
عاشقانه‌ شعر بۆ یه‌كتری بچڕین
له‌م ژیانه‌
ته‌واوكه‌ری یه‌كتری بین

ئێمه‌ هاتووین عاقڵانه‌ سه‌رهه‌ڵێنین
ته‌نها و ته‌نها حه‌ق ببینین
ئینجا به‌ره‌و مه‌نزڵگای چاره‌نوس
جوامێرانه‌ هه‌نگاو بنێین
له‌شه‌وی بێ به‌یانی 
وه‌كو مۆم بۆ یه‌كتری بسوتێین
له‌ ڕۆژی بێ كۆتاش
هاوكاری یه‌كتری بین

بۆ هه‌تیوان باوك و 
بۆ سته‌ملێكراو ، حه‌ق سێن بین
له‌ سه‌رمادا په‌ناگه‌ و 
له‌ گه‌رمایی فێنكی
بۆ شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌م دنیایه‌
وه‌كو خۆر بین

ئێمه‌ هاتووین
بۆ ئاوه‌دانی ئه‌م ژیانه‌
نه‌ك به‌ یه‌كتر نه‌ویستی
زه‌وی بكه‌ین به‌ وێرانه‌
ئێمه‌ هاتووین
هاوڕاز و هاوده‌می یه‌كبین
به‌ خه‌نده‌وه‌ كۆتری سپی بفڕێنین به‌ده‌م ئاسمانا

گوڵ به‌ عه‌زابی سێداره‌ نه‌به‌ین
باڵی په‌پوله‌ نه‌شكێنین
ده‌ریا نه‌شێوێنین
دیمه‌ن نه‌سوتێنین
بڵاوه‌ی خۆشه‌ویستی كه‌ین
به‌ بێ سنور و پێوانه‌

په‌شێومه‌جید
10-09-2009



2 comments:

  1. zor jwanu manadara pashew gyan yaxwa ha sarkawtu bet u le bardawam bet enshalla

    ReplyDelete
  2. زۆر زۆر سوپاس بۆ تۆ كاك هه‌رێم گیان
    هه‌ر بژیت

    ReplyDelete

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌