Monday, July 02, 2012

بون به‌ مرۆڤ، واتا چی؟؟


نوسینی:    فتح لله گوله‌ن
وه‌رگێڕانی: په‌شێو مه‌جید

هاوڕێكه‌م، هه‌تاكو له‌ ژیاندا مابی هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌ست و دڵ و بیرۆكه‌كانت دژی هه‌ر جۆره‌ كارێكی شه‌یتانی داخه‌. هه‌میشه‌ شوێنكه‌وته‌ی باشترین و ڕاستترین و جوانترین به‌، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نی ڕاستی و حه‌قه‌وه‌ هاتووه‌. هه‌موو رق و كینه‌ و خۆخۆییه‌ك به‌ پشتی ده‌ستت وه‌لانێ و ئامێزت بۆ خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تی و چاكه‌خوازی بكه‌وه‌. هانا ببه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی هاوارده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌وپیل چونیان و له‌ ژانی ئه‌وانه‌ كه‌مكه‌وه‌ كه‌وا به‌ده‌م ئێش و ئازاره‌وه‌ ده‌لاوێنه‌وه‌.
دژی هه‌ر تاریكیه‌ك بجه‌نگه‌ كه‌ به‌ری ڕووناكی جیهان ده‌گرێ و ئه‌و خاڵه‌ ڕه‌شانه‌ به‌ ڕووناكی زانست و ژیری ڕووناك كه‌وه‌. هه‌تاكو له‌ ژیاندا ماوی، مه‌وه‌سته‌ له‌ دژایه‌تی كردنی هه‌ر جۆره‌ نه‌زانی و یه‌كتری نه‌ویستیه‌ك. به‌رده‌وام به‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ت كه‌ به‌ نوری هیدایه‌ت ڕۆشنكراوه‌ته‌وه‌، ده‌وروبه‌ر و ڕوح و دڵت به‌ تیشكه‌كانی نوری ئه‌و هیدایه‌ته‌ ڕووناك كه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر بیر و ویژدانت له‌ ڕاستی یاساغكراوه‌ و دڵت له‌ ڕووناكی ئیمان بێ به‌ش بوه‌، ناتوانی خۆت له‌ بیرۆكه‌ شه‌یتانی ده‌رباز كه‌یت، ناتوانی ئه‌و ڕێچكانه‌ بدۆزیته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی ژیانت ده‌به‌ن وه‌كو ئیمان و مرۆڤایه‌تی و خۆشه‌ویستی. ئه‌گه‌رچی ئه‌ركه‌كه‌ گرانتر ده‌بێ به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ڕاستگۆیی و به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست و ژیانی به‌هادارانه‌ و ڕساتگۆیانه‌ مه‌به‌. كاروانه‌كانی سه‌ر ڕێبازی خۆشه‌ویستی بۆ خودا و گرنگیدان به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌میشه‌ له‌م جۆره‌ وێستگانه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ و به‌رده‌وامیان به‌ره‌و هه‌مان ئامانج و چاره‌نوس به‌م ڕێگه‌یه‌ داوه‌.
هه‌رگیز له‌ خۆشویستنی بچوكان و ڕێز گرتن له‌ گه‌وران سڵ مه‌كه‌وه‌. ئاگاداربه‌ له‌ نه‌شكاندنی ئه‌و بۆند و به‌هایانه‌ی وه‌كو یه‌كگرتن و یه‌كڕیزی له‌ ئیمان و ووڵات و ئامانجی هاوبه‌ش. ده‌بێ بزانی چۆن دژ به‌و بیرۆكه‌ ناكۆك و هاودژ و تێكهه‌ڵچڕژانه‌ی كه‌ زیان به‌ ڕۆحی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نن بوه‌ستی.
باوه‌ڕت به‌ پیرۆزی كار بێ و هه‌رگیز ده‌رباری ئه‌و چه‌مكه‌ هه‌ڵانه‌ی ئه‌وانی تر له‌ ژیانتا به‌توشت دێنن، مه‌وه‌سته‌. هه‌میشه‌ له‌ یادت بێ كه‌ مرۆڤایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ خزمه‌تی تۆ بكات به‌ڵكو ده‌بێ تۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بكه‌یت و باوه‌ڕی ته‌واوت به‌وه‌ هه‌بێ كه‌ تۆ ته‌نها ئه‌وكاته‌ ده‌توانی خزمه‌ت بكه‌یت كه‌ خۆخۆیه‌تی و نه‌فسانیت به‌ ئاگری پاكی خۆنه‌ویستی بسوتێنی. ئه‌وكاته‌ به‌های ڕاست و ته‌واوت به‌ده‌ست دێنی.
وا بیركه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و هیوا‌ پڕ له‌ خۆشیانه‌ و ئه‌و خۆشیانه‌ی ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كه‌یت ده‌كرێ بێنه‌ دی ته‌نها به‌ خۆدانه‌ ده‌ست ویستی خودا، و له‌ جیاتی ئه‌و ووزه‌ وهێز و هه‌لانه‌ی فانییه‌كی وه‌كو تۆهه‌یه‌تی، باوه‌ڕت و متمانه‌ت بده‌ به خاوه‌ن هێزی بێ كۆتا.
هه‌میشه‌ به‌ره‌و كه‌شی جوانی خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری ڕاكه‌، هه‌رگیز له‌ هێزی نه‌رم و كاریگه‌ریان بێ هیوا مه‌به‌. به‌رده‌وام له‌ یادت بێ كه‌ به‌م كلیله‌ نهێنیانه‌ی كه‌ له‌ سروشتی تۆ چه‌سپیون له‌ لایه‌ن دروستكه‌رته‌وه‌، ده‌توانی ژه‌نگاویترین قوفڵ بكه‌یته‌وه‌.  


No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌