Wednesday, April 17, 2013

كراسێك بپۆشه‌ ، ئاوێنه‌ شه‌رمه‌زار كات


‌سوده‌كانی خوێندنه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م  كتێبه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ مناڵێ گوێی لێ ده‌بێ و له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا به‌رده‌وام ده‌بێ و به‌ ژیانی ئه‌م كه‌سه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێ تا كۆتایی ته‌مه‌نی .
كراسێك بپۆشه‌ ، ئاوێنه‌ شه‌رمه‌زار كات
لێره‌ 10 سودی خوێندنه‌وه‌ ده‌نووسین ، 10 هۆ پیشان ده‌ده‌ین  كه‌ بۆچی خوێندنه‌وه گرنگه‌ و بۆ ده‌بێ ئێمه‌ بخوێنینه‌وه‌؟
1.      ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ ، له‌ خوێندنه‌وه‌ باشتر و باشتر ده‌بن. گومانی تێدا نیه‌ ئه‌نجام دان و كردنی كارێك به‌ به‌رده‌وامی ده‌رئه‌نجامی باشترینه‌ له‌و كاره‌ . خوێندنه‌وه‌ش به‌ به‌رده‌وام و خۆڕاگری له‌ سه‌ری خوێنه‌رێكی باشت لێ ده‌رده‌چوێنێ .
2.      خوێندنه‌وه‌ ڕاهێنان به‌ مێشك ده‌كات . خوێندنه‌وه‌ ئه‌ركێكی ئاڵۆزه‌ بۆ مێشكی مرۆڤ له‌ چاو زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ركه‌كانی تر . خوێندنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی مێشك به‌هێز ده‌كات و په‌یوه‌ندی نوێ دروست ده‌كات.
3.      خوێندنه‌وه‌ كۆبیر (تركیز) باشتر ده‌كات . خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ به‌ هێمنی و بێده‌نگی دائه‌نیشێ و كۆبیری ده‌خاته‌ سه‌ر  ئه‌و چیڕۆكه‌ی یا ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌وا خه‌ریكی خوێدنه‌وه‌یه‌تی . ئه‌گه‌ر ئه‌م كاری خوێندنه‌وه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ژیانی مرۆڤدا ئه‌وا ئه‌م مرۆڤه‌ توانای بیر هێشتنه‌وه‌ و بیر خستنه‌ سه‌ر بابه‌تێك له‌ كاتێكی دیاریكراودا  زیاترو به‌هێزتر ده‌بێ .
4.      خوێندنه‌وه‌، ئه‌وه‌ فێری مرۆڤ ده‌كات كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی . له‌ ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ مرۆڤ به‌ خه‌ڵك و شوێن و ڕووداوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌زانێ . تووشی بیرو باوه‌ڕی جیاواز ده‌بێ ده‌رباره‌ی جیهان، كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌و بیره‌ باوه‌ڕه‌ی ده‌وورو به‌ری. ئه‌و جۆره‌ی خۆی ، خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ری له‌ جیهان گه‌یشتبوون له‌ كتێبه‌كان نابینێته‌وه‌ . ئه‌م پێزانین و فێربوونه‌ش پێشینه‌یه‌كی زانیاری به‌هێزی پێ ده‌به‌خشێ كه‌ یارمه‌تی ده‌دات ژیان و گوزه‌رای جیاوازتر له‌وه‌ی پیشتر و باشتر له‌وه‌ی پێشتر بگوزه‌رێنێ.
5.      خوێندنه‌وه‌ ووشه‌و به‌ كارهێنانی ووشه‌ باشتر ده‌كات و به‌هره‌ی زمان لای خوێنه‌ر گه‌شه‌ پێده‌دات.  هه‌روه‌ها توانای نووسین لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات .
6.      خوێندنه‌وه‌ گه‌شه‌ به‌ خه‌یاڵی مرۆڤ ده‌دات و توانای خه‌یاڵكردن لای مرۆڤ به‌هێز ده‌كات.  ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه،‌ كاتێ  كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ مێشكمان ئه‌و  وێنه‌ و ئه‌دگارانه‌ی‌ كه‌ له‌وكاته‌دا‌ له‌ باره‌ی خه‌ڵك و شوێن و شته‌كان ده‌یانخوێنینه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌. كاتێ كه‌ چیڕۆكێك ده‌خوێنینه‌وه‌  وێنای هه‌ستی كاره‌كته‌ری نێو چیڕۆكه‌كه‌  ده‌كه‌ین و خۆشمان له‌ جێگه‌ی ئه‌و داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئێمه‌ هه‌ستمان چۆن ده‌بوو گه‌ر له‌ جێی ئه‌و بوینایه‌ . جا ئه‌م شێوه خوێندنه‌وه‌یه‌،‌ پڕۆڤه‌ و ڕاهینانێكه‌ توانای خه‌یاڵی مرۆڤ گه‌شه‌ پێ ده‌دات و فراوانی ده‌كات .
7.      خوێندنه‌وه‌ جه‌سته‌ هێواش ده‌كاته‌وه‌  و ئیسراحه‌تی پێ ده‌دات و مێشكیش هێمن ده‌كاته‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو كه‌س گرنگه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ ، چونكه‌ مرۆڤی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێك سه‌رقاڵ تر و بێ ئارام تره‌ . جا یه‌ك له‌ چاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ماندویه‌تی و هۆیه‌ك بۆ ماندوچوێنی ، خوێندنه‌وه‌یه‌ .
8.      بۆ قوتابیان بۆ ئه‌وه‌ی باشتربن له‌ قوتابخانه و‌  كتێبی مه‌نهه‌ج و ئه‌ركتان ئاسانتر بێ ، بخوێننه‌وه‌ . چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ده‌ره‌كی به‌ده‌ر له‌ كتێبی قوتابخانه ‌كه‌ وه‌كو ئه‌رك له‌ سه‌رتان كه‌تووه‌ پاڵپشتن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی باشتر له‌و ئه‌ركانه‌ت بگه‌یت . زۆر ووشه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ ده‌رگای تێگه‌یشتنی بابه‌تێكی ئاڵۆزی  وانه‌ی قوتابخانه‌ت  بۆ ده‌كاته‌وه‌ .
9.      خوێندنه‌وه‌ وات لێده‌كات له‌ هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بگه‌یت .نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نوسێت،  من ده‌ركی ئه‌وه‌م كرد كاتێ ئه‌و پرسیاره‌م له‌ كوڕه‌كه‌م كرد و ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا پێی گوتم ((بێ گومان وات لێ ده‌كات ، چونكه‌ كاتێ كه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌  تۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی چیڕۆكه‌كه‌ یه‌كتر ناسین ده‌كه‌یت و هه‌رچی ئه‌و هه‌ستی پێده‌كات تۆش هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت )) .  واته‌ تۆش ژیانت تێكه‌ڵ به‌ ژیانی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ده‌بێ كه‌ له‌ ناو كتێبه‌كه‌ دایه‌ و وات لێ دێت كه‌ له‌ ژیانی ئاساییت گرنگی به‌ هه‌ستی به‌رامبه‌رت ده‌ده‌یت .              
10.  خوێندنه‌وه‌، جۆرێكه‌ له‌ خۆشی وه‌رگرتن و بێزاریت له‌ بیر ده‌باته‌وه‌ . تۆ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كاتی خوێندنه‌وه‌ت كاتی تێكه‌ڵبونته‌ له‌ گه‌ڵ دونیا و مه‌ودایه‌كی تر ، بۆیه‌ هه‌ر بێزاری و ناخۆشیه‌ك كه‌ چه‌ند ساتێ پێشتر هه‌تبووه‌ له‌ بیری ده‌كه‌ی، چونكه‌ تۆ ئێستا له‌ گه‌ڵ كه‌سانێكی تر و ده‌م وچاوانێكی تر ده‌ژیت و گوزه‌ر ده‌كه‌یت . جوانی دنیای خوێندنه‌وه‌ كراسێكه‌ هه‌ركه‌ پۆشیت  داكه‌ندنی ئه‌سته‌مه‌ . كراسێك قه‌ڵغان و په‌ناگه‌ی هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كی و قه‌بول نه‌كردنی هه‌ر نا ئاشنایه‌ك به‌و دنیایه‌ . كراسێك ، به‌ له‌به‌ركردنی ئاوێنه‌ شه‌رمه‌زاره‌ به‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ت . كراسێك به‌خته‌وه‌ری و شادومانی، مه‌والیان و به‌ قه‌دیه‌وه‌ن . ده‌تۆش زووكه‌، ده‌رگای ئه‌م گه‌نجینه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌ر پشته‌و بفه‌رموو ، كراسێكی وا گرانبه‌ها بپۆشه‌و له‌ جوانی و خۆشی و هه‌میشه‌ پڕ‌ ئومێدبوونی ئه‌م دنیایه‌ بنۆشه‌ .

وه‌رگێڕانی به‌ ده‌ستكاریه‌وه‌  ( په‌شێو مه‌جید )
گروپی هاوڕێیانی كتێب
سه‌رچاوه‌:bestbookforkids.com

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ گۆڤاری بره‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌