Sunday, May 12, 2013

به‌سه‌رهاته‌كانی قوتابخانه‌م


به‌سه‌رهاته‌كانی قوتابخانه‌م
سه‌روه‌ت عبدلله
له‌ مانگه‌كانی 12 و 1 ی 2012 و 2013 ، به‌ڕێز سه‌روه‌ت عبدلله له‌ زنجیره‌ به‌سه‌رهاتێكدا به‌سه‌رهاته‌كانی قوتابخانه‌ی خۆی براوكرده‌وه‌، ئه‌منیش به‌هۆی ئه‌وچێژه‌ تایبه‌تیه‌ی له‌و چیرۆكانه‌م ده‌بینی، وه‌ك ئه‌وه‌ی برێی ئه‌و باس له‌ من ده‌كات و چیرۆكی من ده‌گێرته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ منیش مامۆستام و سه‌روكارم له‌گه‌ر فێركردن و وانه‌گوتنه‌وه‌یه‌، ئه‌و ئیشه‌ی كاك سه‌روه‌تیشم به‌ ئیشه‌كی په‌روه‌رده‌یی له‌ قه‌ره‌م دا، هه‌ستام به‌ كۆپی كردن و هه‌رگرتنیان له‌كنه خۆم و ئێستاش لۆئه‌وه‌ی خه‌ركی سودیان لێ ببینی، لێره‌دا براویان ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌گه‌ر ڕێز و سوپاسم لۆ كاك سه‌روه‌تی, هيوادارم به‌و ئیشه‌ی كردم دری نه‌ڕه‌نجێ.

1.     به‌سه‌رهاتی یه‌كه‌م
رۆژێك مامۆستا ده‌فته‌ری كوردی بۆ سه‌ح ده‌كردم، به‌ ئه‌سپای له‌ جێگه‌ى خۆم هه‌ڵسامه‌وه‌ و چومه‌ پاڵی به‌ نه‌رمی پێموون: مامۆستا ئه‌گه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ی منت سه‌ح پاندانه‌كه‌ت به‌كاڵی و له‌ سوچێكی وه‌ره‌قه‌كه‌ی بده‌، چونكه‌ ئه‌م ده‌فته‌ره‌م كه‌ ته‌واو بوو ده‌بێت هه‌موو نووسینه‌كانی بكوژێنمه‌وه‌ و بیده‌مه‌ خوشكه‌كه‌شم ئه‌ویش ساڵێك وانه‌ی كوردی خۆیی تێدا بنووسێته‌وه


2.      به‌سه‌رهاتی دووه‌م
رۆژێكیان مامۆستا هاته‌ پۆله‌وه‌، زۆر هانیدانین و ته‌شویقی كردین بۆخوێندن، پاشان ووتی: هه‌ركامێكتان زانی ناتوانیت ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م بكڕێت و درێژه‌ به‌ خوێندن بدات، بابێت بۆلای خۆم بۆی ده‌كڕم.... دواتر زه‌نگی لێدا، منیش رۆشتم... به‌و په‌ڕی شه‌رمه‌وه‌ وتم: مامۆستا پێویستم به‌ ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ررده‌وامی به‌ خوێندن بده‌م، وتى به‌سه‌رچاو بۆتی دێنم...
هه‌تا ئێستاش بیرده‌كه‌مه‌وه‌ چه‌نێك ئازاری رۆحی مامۆستام دابێت كه‌ خۆیشی نه‌یتوانی بۆمی بكڕێت....!
هه‌میشه‌ ته‌واوی ئه‌و مامۆستانه‌ى له‌ سه‌ره‌تای و ئاماده‌یدا وانه‌یان پێوتووم خۆشمویستون و له‌بیرمدان، چونكه‌ ئه‌وان پێشمه‌گه‌ى ئه‌وسه‌رده‌مه‌ بوون، ئه‌وان به‌بێ موچه‌ نه‌یانهێڵا پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌ستێت... بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ بیرى ئه‌ودام رۆژێك بیت و ئاهه‌نگێكی رێزلێنان بۆ هه‌مووییان ساز بكه‌م...ده‌ك قوربانی هه‌مووتان بم....
سه‌روه‌ت
تهران
24/12/2012

3.       به‌سه‌رهاتی سێیه‌م
رۆژێكی ساردی زستان، هه‌وره‌كان زۆر بێ ره‌حمانه‌تر هاواریانده‌كرد و ده‌یانچه‌خماند. ئه‌و رۆژه‌ ده‌وامم دوای نیوه‌روان بوو، كاتی ده‌وام هات و من هه‌رچاوه‌رێی ژه‌می نان خواردن بووم، كاتێك كات گه‌شته‌ نزیكی ده‌وام و سفره‌ رانه‌خرا ئیتر تێگه‌شتم ژه‌مه‌ خواردنی نیوه‌رۆ و ئێوه‌ پێكه‌وه‌ ده‌بێت...
كاتژمێر بوو به‌ یه‌ك، باران وورده‌ وورده‌ ده‌ستی به‌بارین كرد، به‌ره‌و قوتابخانه‌ كه‌ نزیكی ماڵی خۆمان بوو كه‌وتمه‌ رێ...
زه‌نگی پۆل لێیدا و چوومه‌ ژووره‌وه‌ دانیشتم، هه‌ركاتێك منداڵێكى پۆلی سێی سه‌ره‌تایی برسێتی و سه‌رما ده‌چێته‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ ئیتر رۆحی سه‌فه‌رده‌كات بۆ هه‌رشوێنێك جگه‌ له‌ جه‌سته‌ و پۆله‌كه‌ى..
زه‌نگی ده‌ره‌وه‌ لێیدا، چومه‌ هه‌یوانی قوتابخانه‌كه‌ و له‌ پاڵ پایه‌یه‌كیدا راوه‌ستام، هێنده‌ سه‌یرى ئاسمانمكرد كاتێكم زانی زه‌ویم جێهێڵاوه‌ و له‌ناوهه‌وره‌كاندا نوقم بووم... هه‌ستم ده‌كرد ئاسمان بۆته‌ ماڵم و هه‌وره‌كان فه‌رشن و میوانداریم ده‌كه‌ن... حاڵه‌تێكی ئه‌وه‌نده‌ تایبه‌ت بوو برسێتی له‌ بیربردمه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز حه‌زم نه‌ده‌كرد زه‌نگی چوونه‌ ژووره‌وه‌ لێبدات، به‌ڵام ئه‌و حه‌زه‌شم سه‌ری نه‌گرت و زه‌نگ لێیداو به‌ خێرای تیشكی خۆر گه‌رامه‌وه‌ بۆسه‌ر زه‌وی...
سه‌روه‌ت
تهران
25/12/2012

4.      به‌سه‌رهاتی چواره‌م
له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌م كه‌مێك خه‌نده‌داریبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌تان له‌بیرنه‌چێت ژیانی هه‌ژاران ئه‌گه‌ر له‌ چاوی خۆیانه‌وه‌ ته‌ماشای نه‌كه‌یت سه‌رشانه‌ له‌ پێكه‌نین!
له‌ سه‌ره‌تایدا هه‌میشه‌ ئاواتێكم ئه‌وه‌بوو بڕم بۆ قوتابخانه‌ و ڕه‌نگی هه‌ردوو تاكی گۆره‌وییه‌كه‌م له‌یه‌ك بێت! ئاخر ئه‌وكاته‌ گرنگ نه‌بوو ڕه‌نگا و ره‌نگ بن، ته‌نها ئه‌وه‌ گرنگ بوو قاچه‌ بچوكه‌كانت سه‌رمای بێره‌حمی زستان نه‌یانته‌زێنێت... ئه‌وه‌نده‌ گۆره‌ویه‌كانم تاكه‌وتاك بوون وا هه‌ستم ده‌كرد كه‌ به‌ڵێ ئاساییه‌ و شتێك نییه‌ به‌ناوى تاكه‌وتاكییه‌وه‌،ئه‌وه‌ى له‌ پێیه‌كانمدایه‌ ئه‌وه‌ حه‌قیقه‌ته‌كه‌یه‌تی نه‌ك ئه‌وه‌ى ره‌نگه‌كانی له‌یه‌ك بن... ئێستا ده‌زانم ره‌نگی ژیانی منداڵیم وه‌ك ره‌نگی گۆره‌ویه‌كانم ره‌نگاو ره‌نگ بوون، به‌ڵام نه‌مده‌توانی ئه‌وانیش وه‌ك گۆره‌وییه‌كانم ئه‌زمون بكه‌م و تامیان بكه‌م...
سه‌روه‌ت
تاران
13/1/2013

5.      به‌سه‌رهاتی پێنجه‌م
رۆژێكی ساردی زستان بوو، ده‌وامی پێش ئێمه‌ كه‌ سه‌عات 10 ته‌واو ده‌بوون هاتنه‌وه‌، هه‌واڵیان پێدام كه‌ له‌ قوتابخانه‌ شتمان ده‌ده‌نێ، ئه‌ویش پاڵتاو و جل و پێڵاو كه‌ پوتی زستانه‌بوو، منیش زۆر دڵمخۆش بوو، چونكه‌ به‌ ئاواته‌وه‌ بووم بۆ جارێكیش بێت جووتێك پێڵاو له‌ پێ بكه‌م له‌ چه‌رم دروستكرابن، به‌و ئومێد و ئاواته‌ كاتژمێرم ژمارد تا 12 و كه‌وتمه‌رێ بۆ قوتابخانه‌، كه‌ گه‌شتمه‌ ئه‌وێ هه‌واڵه‌كه‌ بوو به‌راست، زۆر دڵم خۆش بوو، به‌ڵام قه‌له‌ق و ترسی ئه‌وه‌ دایگرتبووم كه‌ ئاخۆ پێڵاوێكی چه‌رمی ره‌شم ده‌بێته‌ نسیب یاخود پاڵتاو.... ناوخوێندرایه‌وه‌ و گه‌شته‌ سه‌ره‌ی پۆله‌كه‌ی ئێمه‌... وا به‌ ئومێد و دڵه‌ راوكێ سه‌ره‌م هات... مامۆستا سه‌یرێكی پێڵاوه‌كانی كردم و ووتی: ئه‌و پاڵتاوه‌ تاقی بكه‌ره‌وه‌ له‌ به‌رمكرد و ئیتر دامنه‌كه‌نده‌وه‌، هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌یرێكی پێیه‌كانی خۆممكرد و زانیم جارێك ماوییه‌تی پێڵاوی چه‌رم له‌پێبكه‌ن...
سه‌روه‌ت
تاران

6.       به‌سه‌رهاتی شه‌شه‌م
من و دایكم و وه‌سێته‌كه‌ى....

رۆژێكی هه‌ینی پێچه‌وانه‌ى هه‌موو خۆشییه‌كانی ژیانێكی ئاسایی، له‌جیاتی ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ دایكم و خوشكه‌كانم برۆین بۆ سه‌یران و كه‌یف بكه‌ین، زوو پێش خۆر كه‌وتن له‌ خه‌وهه‌ستاین، نانی به‌یانیمان نه‌خوار چونكه‌ ژه‌مه‌كان یه‌ك یان دوو بوون! به‌ پێ به‌روه‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌وتینه‌ رێ، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ى تراكتۆرێك بێت و هه‌ڵمانگرێت.. خودا كردی و تراكتۆرهات..
بۆكوێ ده‌رۆن؟
پشتی چاوگ به‌ نیازین (قنگرن)بكه‌ین..
فه‌رموون سه‌ركه‌ون..
گه‌شتینه‌ ئه‌وێ... به‌چاكه‌كانمان به‌ست و ده‌ستمان به‌ قنگركردن كرد. له‌گه‌ڵ شنه‌ى شاخ و ده‌شت و هۆره‌ قوله‌كانی دایكاما تێكه‌ڵ بووووین..
ئه‌وه‌نده‌م زانی دایكم هاواریكرد...! له‌وه‌ زیاتر مه‌رۆن....!
ئه‌وه‌ هه‌مووى ئه‌لغامه‌ له‌وێدا و بگه‌ڕێنه‌وه‌...
هه‌موومان چویینه‌ نزیك یه‌كه‌وه‌، وه‌سێتیكرد:
به‌ شوێن پێكانی خۆتاندا بگه‌رینه‌وه‌ دواوه‌.. ئه‌گه‌ر ئه‌لغامێك به‌ مندا ته‌قییه‌وه‌ ئێوه‌ هیچ ناكه‌ن یه‌كسه‌ر و به‌ ویارییه‌وه‌ خۆتان ده‌گه‌یه‌ننه‌ شار و هه‌واڵ ده‌ده‌ن بێن به‌ ده‌ممانه‌وه‌..!
خوشكه‌كه‌م یه‌كسه‌ر ده‌ستی به‌ گریانكرد...
ئاواش ته‌حه‌مولی شه‌ڕی ناوخۆشمانكرد...
سه‌روه‌ت
تهران
15/1/2013


په‌شێو مه‌جید

No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌