Saturday, June 22, 2013

مامۆستا چی لە باوانی خوێندکار گەرەکە

مامۆستا چی لە باوانی خوێندکار گەرەکە

مامۆستا چی لە باوانی خوێندکار گەرەکە
مامۆستایان ته‌نها كه‌سی به‌رپرس نین له‌ په‌روه‌رده‌كردنی مناڵه‌كانمان، به‌ڵكو دایك و باوك یاخود باوانیش ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌م پێناوه‌ و پشكێكی گه‌وره‌ی به‌رپرسیاریه‌تیان به‌رده‌كه‌وێ. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رخستوه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ی دایك و باوك تێكه‌ڵ به‌ ژیانی قوتابخانه‌ی مناڵه‌كانیان ده‌بن، نمره‌ و هه‌ڵسوكه‌وت و بارودۆخی سۆزداری فێرخواز باشتر ده‌بێ. بۆیه‌ به‌رده‌وام مامۆستایان هه‌وڵیان داوه‌ دایك و باوكان ببنه‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی فێربوون و فێركردنی مناڵه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی مامۆستایان بده‌ن چونكه‌ ئه‌وان به‌و كاره‌یان بارودۆخی فێربون و فێركردن ئاسانتر ده‌كه‌ن و پاڵنه‌ری باشتركردنی ئاستی زیره‌كی و چوستی فێرخوازه‌كه‌ن. جا لێره‌دا چه‌ند شتێ هه‌یه‌ كه‌ مامۆستایان له‌ باوانی فێرخوازان گه‌ره‌كیانه‌ ئه‌نجامی بده‌ن.
1-  بۆ مناڵه‌كه‌ت بخوێنه‌وه‌:
له‌ساڵی 1985 به‌شی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا ڕاپۆرتێكی فراوانی له‌سه‌ر بارودۆخی خوێنده‌واری له‌ ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه‌، یه‌كێ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ده‌رباره‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ مناڵ: (تاكه‌ ڕاهێنانی هه‌ره‌ گرنگ و جه‌وهه‌ری بۆ بنیاتنانی ئه‌وه‌نده‌ زانسته‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی مناڵ له‌ خوێندنه‌وه‌، به‌ ده‌نگی به‌رزخوێندنه‌وه‌یه‌ بۆ مناڵه‌كه‌ت). لێكۆڵینه‌وه‌ی تر سه‌لماندویانه‌ كه‌ ئه‌و مناڵانه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ هه‌فته‌ی دوو یا سێ جار یا زیاتریان بۆ ده‌خوێندرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یانه‌وه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه‌ی خوێندنه‌وه‌یان بۆ ناكرێ، دوو به‌ قه‌د ئه‌وان پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێ نمره‌ی ته‌واو بهێنن. ڕه‌نگه‌ بڵێن كه‌ باوانی مناڵانی ئه‌م ووڵاته‌ شیرینه‌ی ئێمه‌ زۆربه‌یان خوێنده‌واریان نیه‌ و ناتوانن بۆ مناڵه‌كانیان بخوێننه‌وه‌ به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌سته‌مه‌ ماڵێك بدۆزیه‌وه‌ و خوێنده‌واری تێدانه‌بێ، جا ده‌كرێ ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ خوێنده‌واره‌ له‌ و خێزانه‌ بۆ مناڵه‌كان بخوێنێته‌وه. له‌ ئێستاوه‌ ئێوه‌ی دایك و باوك یا تۆی خوشك یا برا هه‌وڵده‌ كتێبێ له‌ كتێبخانه‌كه‌ت ده‌رهێنه‌ یا كتێبێ بكڕه‌ و بۆ مناڵه‌كان بیخوێننه‌وه‌ چونكه‌ تۆ به‌م كاره‌ت تۆوی ڕۆشنبیری و زانین بۆ ژیانی ئه‌م مناڵه‌ ده‌چێنی و یارمه‌تیده‌رێكی باشی ده‌بی له‌ پرۆسه‌ی فێربوونی له‌ فێرگه‌دا.

2-  له‌باره‌ی ژیانی ئه‌كادیمی مناڵه‌كه‌ت بزانه‌:
مامۆستای مناڵه‌كه‌ت بناسه‌ و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ له‌گه‌ڵی له‌ په‌یوه‌ندی دابی له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی و بێ گومان سه‌ردانی به‌رداومت بۆ خوێندنگا. له‌ هه‌واڵی مناڵه‌كه‌ت و وانه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وت و خوڕه‌وشتی بپرسه‌ له‌ ناو فێرگه‌. هه‌وڵده‌ له‌ بۆنه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئاماده‌ییت هه‌بێ وه‌كو له‌كاتی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵ یا له‌ كۆبونه‌وه‌كانی دایك و باوكاندا و له‌ هه‌مووشیان گرنگتر به‌رده‌وام له‌ باره‌ی وانه‌ و پۆل و قوتابخانه‌ له‌ مناڵه‌كه‌ت بپرسه‌.

3-   هاوپۆله‌كانی مناڵه‌كه‌ت بناسه‌ و هانی بده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی فێرگه‌ش هاوڕێیه‌تیان بكات:
فێربوون له‌ پۆلدا زۆر باشتر ده‌بێ ئه‌وكاته‌ی كه‌ هه‌ستێكی به‌هێزی هاوڕێیانه‌ له‌نێوان فێرخوازه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ واده‌كات هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ن به‌ گروپ و به‌ یه‌كه‌وه‌ خوێندن ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ بێ گومان خوێندی به‌ كۆمه‌ڵ و گروپ زۆر باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی به‌ته‌نیا بخوێنی. وه‌ به‌ گروپ خوێندن به‌ یه‌كێ له‌ ته‌كنیكه‌ هه‌ره‌گرنگه‌كانی پرۆسه‌ی فێربوون و فێركردن داده‌نرێ له‌ په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ دا. هه‌موو مناڵێك پشتگیری هاوڕێكه‌ی پێویسته‌، خوێندنیش زۆر خۆش و گاڵته‌ئامێزانه‌یه‌ ئه‌وكاته‌ی هاوڕێیه‌كی چاكت هه‌یه‌. چونكه‌ له‌ فێرگه‌دا هه‌میشه‌ كاتی گونجاو و زۆر نیه‌ بۆ فێرخوازه‌كان تاوه‌كو یه‌كدی به‌باشی بناسه‌. بۆیه‌ له‌وه‌ دڵنیابه‌ كه‌ مناڵه‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی فێرگه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوپۆله‌كانی كات به‌سه‌ر ببات و هانی بده‌ بۆ ئه‌م كاره‌.
4-  به‌شداری ژیانی فێرگه‌ به‌:
به‌رده‌وام له‌ فێرگه‌كانی كوردستان چه‌ند چالاكیه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌كو چون بۆ سه‌یران و كۆبونه‌وه‌ی باوان و كردنه‌وه‌ی خولی تۆپی پێ و شتی تر. تۆی دایك یان باوك هه‌وڵده‌ له‌م جۆره‌ بۆنانه‌دا ئاماده‌ییت هه‌بێ، بۆ نمونه‌ له‌ خولی تۆپی پێ دا هه‌وڵده‌ ئاماده‌ بیت هانی مناڵه‌كه‌ت و یاریزانانی گروپی مناڵه‌كه‌ت بده‌ یاخود حه‌تتا ئه‌گه‌ر مناڵه‌كه‌شت له‌ تیپی یاریه‌كه‌دا نه‌بێ تۆ هه‌ر هه‌وڵده‌ له‌وێ ئاماده‌ییت هه‌بێ چونكه‌ تۆ به‌م كاره‌ت به‌ مناڵه‌كه‌ت نیشان ده‌ده‌ی كه‌ ئه‌و لای تۆ گرنگه‌ و ژیانی ئێستا و داهاتوی په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی تۆوه‌. هه‌روه‌ها جگه‌ له‌مه‌ تۆ به‌م كاره‌ت بێجگه‌ له‌وه‌ی یادگاریه‌كی خۆش له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌ت تۆمار ده‌كه‌ی كه‌ بۆی زۆر گرنگه‌ به‌ڵكو هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی مناڵه‌كه‌تی و جێی ڕه‌زامه‌ندی مامۆستایانی مناڵه‌كه‌ت ده‌بی.
5-  فێربوون بهێنه‌ ناو ماڵه‌وه‌:
ئێوه‌ی دایك وباوك باشترین مامۆستای مناڵه‌كه‌تانن. ژیان پڕیه‌تی له‌ هه‌ل و قۆزتنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌لێك و شكاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له‌ به‌ ڕوودانی فێركردن بۆ مناڵه‌كه‌ت بۆ تۆ كارێكی زۆر ساده‌یه‌ به‌ڵام زۆر گه‌وره‌ و گرنگه‌ بۆ مناڵه‌كه‌ت. بۆ تۆی دایك هه‌ر له‌ شیو لێنانته‌وه‌ و بۆ تۆی باوكیش هه‌ر له‌ گه‌ڕانه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، هه‌مووی هه‌لن بۆ دروستكردنی كه‌شی له‌بار بۆ فێركردن به‌ڵام ته‌نها ئاماده‌گی له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م هه‌لانه‌ و لێزانینی ئێوه‌ی باوانی ده‌وێ، لێزانینیش له‌ به‌فیڕۆنه‌دانیه‌تی. باوك ده‌توانێ به‌ ژماردنی ژماره‌ی كراسه‌كانی یا به‌ به‌ فرمانكردنی كاری له‌به‌ركردن ده‌ست پێبكات كه‌ ئه‌مانه‌ كاری زۆر ساده‌ن به‌ڵام گه‌وره‌ترین وانه‌ فێری مناڵه‌كه‌ت ده‌كه‌ی به‌ ئه‌نجامدانی. دایكیش كه‌ كێك دروست ده‌كات به‌ ژماردنی ژماره‌ی پارچه‌كانی كێكه‌كه‌ یا به‌ كرداری به‌ هه‌ڵم بوونی ئاوی ناو قۆریه‌ی چا، یا چه‌ندیه‌تی به‌كارهێنانی ڕێژه‌یه‌كی گونجاو له‌ خوێ له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی دیاریكراوی خۆراك بۆ شیولێنان. ئه‌مانه‌ و چه‌ندان و چه‌ندان هه‌لی تر كه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی باوانی مناڵ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ گه‌ر ئاگاییان هه‌بێ. هه‌روه‌ها له‌ هه‌مووشی گرنگتر، ئه‌م جۆره‌ فێركردنه‌ی ناو ماڵ بۆ فێرخواز زۆر باشتره‌ له‌و فێركردنه‌ی له‌ پۆل و قوتابخانه‌دا ڕوو ده‌دات چونكه‌ ئه‌م فێركردنه‌ بۆ مناڵ زۆر خۆشتره‌ و ڕوویه‌كی ڕابواردن و پێكه‌نیناوی له‌گه‌ڵ دایه‌ كه‌ ئه‌و زۆر حه‌ز به‌و جۆره‌ كه‌شه‌ ده‌كات و هه‌روه‌ها مناڵه‌كه‌ش زۆر هه‌ست به‌ سه‌لامه‌تی ده‌كات و له‌ پارێزراوی خۆی دڵنیایه‌ چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ پشت و په‌نا و په‌رژینی هه‌موو هێزێكه‌ كه‌ دایه‌وبابه‌ی تی له‌و كاتانه‌دا.
ئه‌و فێركردنه‌ی تۆ له‌نێو ماڵدا به‌ ڕۆڵه‌كه‌تی ده‌به‌خشی، یه‌كێكه‌ له‌و هۆیه‌ جه‌وهه‌رییانه‌ی كه‌ پاڵپشتن بۆ سه‌ركه‌تنی ئێستا و داهاتووی مناڵه‌كه‌ت.

6-  به‌ مناڵه‌كه‌ت نیشان بده‌ كه‌ تۆ و هه‌موو خێزانه‌كه‌ت گرنگی به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ده‌ن:
هه‌موو دایك و باوكێك ده‌توانێ ڕێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ تاوه‌كو به‌ مناڵه‌كه‌ی بڵێ فێربوون هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ تۆ له‌ فێرگه‌ ده‌یخوێنی و فێری ده‌بی. به‌ڵكو فێربوون به‌ درێژایی ژیان هه‌ر ده‌مێنێ و به‌رده‌وام له‌ ڕوودان دایه‌. تۆش پێشینانه‌ی خۆت له‌ فێربوون به‌ مناڵه‌كه‌ت بڵێ و به‌سه‌رهاتی فێربونی خۆت له‌ ژیان به‌و نیشانده‌ تاوه‌كو ئه‌و بزانێ فێربوون چۆنه‌ و چی ده‌وێ به‌ڵام هه‌رگیز باس له‌ زه‌حمه‌تی و گرانی فێربوون مه‌كه‌ چونكه‌ ئیشی ئێوه‌ی باوان ئاسانكاریه‌ نه‌ك گرانكاری.
مناڵه‌كه‌ت و مامۆستای مناڵه‌كه‌ت مه‌منونی یارمه‌تی و پاڵپشتی ئێوه‌ی دایك و باوك. ئه‌و یارمه‌تیه‌ی ئێوه‌ ده‌بێته‌ به‌شێكی له‌نرخ نه‌هاتو و پڕ به‌های ژیان و سه‌ركه‌وتن له‌ ژیانی مناڵه‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی فێرگه‌.

نوسینی: ئامی بزاری
وه‌رگێرانی به‌ ده‌ستكاریه‌وه‌: په‌شێو مه‌جید
سه‌رچاوه‌: education.com/magazine


No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌