Thursday, August 01, 2013

سێبه‌ری كه‌ر


سێبه‌ری كه‌ر
                                                                                                                  وه‌رگێڕانی: په‌شێو مه‌جید
                                                                                                             
له‌ گۆڕه‌پانێكی شاری ئه‌یسنا، ئه‌و كاته‌ی كه‌ گفتوگۆیه‌كی گرنگ و گه‌رم له‌ گۆڕێدابوو و هه‌ركه‌سه‌ و به‌ده‌م قسه‌ و تاووتوێ كردنی خۆیه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وی تر، (دیمۆسین)ی فه‌یله‌سوف ده‌چێته‌ سه‌ر سه‌كۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بدوێ به‌ڵام هه‌موان له‌ گفتوگۆی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن و گوێ بۆ فه‌یله‌سوفه‌كه‌ ناگرن. (دیمۆسین)ی فه‌یله‌سوفیش ده‌ڵێ ( ته‌نها چیرۆكێكتان بۆ ئه‌گێرمه‌وه‌ و پاشان ده‌چمه‌وه‌ خواره‌وه‌). ئینحا ده‌ست ده‌كات به‌ گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه‌:
___ گه‌نجێك كه‌رێكی به‌ كرێ گرتبو بۆ ئه‌وه‌ی به‌سواری له‌ ئه‌سیناوه‌ بچێته‌ مێگارا. ئه‌و پیاوه‌یشی كه‌ كه‌ره‌كه‌ی به‌كرێدابوو هه‌ندێ ئیشی له‌ مێگارا هه‌بوو ئه‌نجامیدات، بۆیه‌ هه‌ردوك به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتن. له‌ ڕێگادا به‌ده‌م ڕۆیشتنه‌وه‌ قسه‌یان به‌ قسه‌ دا  ئه‌دا و گفتوگۆیان ده‌كرد ...... تا ده‌هات گه‌رما زیادی ده‌كرد ....  بۆیه‌ له‌ نزیك كانی ئاوێك لایاندا بۆ ئیسراحه‌ت و ماندوچووێنی و بۆ خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ . به‌ڵام هیچ سێبه‌رێك له‌و ده‌وره‌ نه‌بوو.... خاوه‌ن كه‌ره‌كه‌ش نانه‌كه‌ی برد و له‌ژێر سێبه‌ری كه‌ره‌كه‌ی لێی دانیشت.

ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌ كه‌ره‌كه‌ی به‌كرێ گرتبو به‌مه‌ بێزاربوو و ووتی (له‌وێ لاچۆ، من له‌و سێبه‌ره‌ داده‌نیشم). كابراش به‌رهه‌ڵستی كردو ووتی  ( ئه‌سته‌مه‌، شتی وا نیه‌، من ده‌بێ له‌سێبه‌ری كه‌ره‌كه‌ دانیشم چونكه‌ ئه‌و كه‌ره‌ هی منه‌).
كه‌ گه‌نجه‌كه‌ گوتی (به‌ڵام خۆ من كه‌ره‌كه‌م لێ به‌كرێ گرتوی) یه‌كسه‌ر كابرای خاوه‌ن كه‌ر وه‌ڵامی داوه‌ و ووتی ( من كه‌ره‌كه‌م داویه‌تی به‌ كرێ نه‌ك سێبه‌ره‌كه‌).. پاشان دوای ئه‌مه‌ ناكۆكی و شه‌ڕ له‌نێوانیان به‌رپا بوو.
ئالێره‌دا، (دیمۆسین)ی فه‌یله‌سوف له‌ قسه‌كانی وه‌ستا و له‌ سه‌كۆیه‌كه‌ دابه‌زی و به‌ره‌و ده‌رگاكه‌ ڕۆیشت.
گوێگره‌كانی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ش هاواریان لێ به‌رزبۆوه‌ و ووتیان (ئه‌ی دوای ئه‌وه‌ چی ڕوویدا؟؟ كۆتاییه‌كه‌یمان پێ بڵێ، به‌ په‌رۆشین بۆ ئه‌وه‌ی كۆتاییه‌كه‌ی بزانین)
له‌و باره‌ ، دیمۆسین گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر سه‌كۆیه‌كه‌ و ووتی (ده‌مویست شتێكتان پێ بڵێم له‌باره‌ی بابه‌تێكه‌وه‌ كه‌ بۆ ئێوه‌ زۆر گرنگه‌ و مایه‌ی گرنگیه‌كی زۆره‌، به‌ڵام گوێتان نه‌گرت. كه‌چی  ئێستا له‌ باره‌ی سێبه‌ری كه‌رێكه‌وه‌ ئاوا په‌رۆشن. من نه‌ شتێكتان له‌باره‌ی بیرۆكه‌كه‌مه‌وه‌ پێ ده‌ڵێم، نه‌ پێشتان ده‌ڵێم چی به‌سه‌ر سێبه‌ری كه‌ره‌كه‌وه‌ هات!! )
هه‌ر له‌وێ له‌ سه‌كۆیه‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ خواره‌وه‌ و ئه‌و شوێنه‌ به‌جێدێڵێ.


سه‌رچاوه‌: كتێبی (فه‌لسه‌فه‌ی كورت و ئاسان و خۆش) نوسینی عمر سێڤینجگول

No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌