Saturday, April 26, 2014

چۆن خوێندنه‌وه‌ بكه‌ینه‌ به‌شێكی دانه‌بڕاوی ژیانمان؟

په‌شێو مه‌جید

ده‌بێ له‌هه‌موولایه‌نه‌كانی ژیانه‌وه‌ جوانی كتێب و ته‌شویقی خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵوه‌رێ

قوتابخانه‌
مامۆستا ده‌بێ خوێنه‌رێكی باش بێ و به‌كردار نیشان بدات كه‌ خوێنه‌ره‌. له‌ به‌شی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر وانه‌یه‌كی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان بابه‌تێك له‌سه‌ر گرنگی خوێندنه‌وه‌ دابنرێت. قوتابخانه‌ كتێبخانه‌ی باشی هه‌بێت و چالاكی قوتابخانه‌ له‌ناو كتێبخانه‌ بكرێت و قوتابیان ببرێن بۆ كتێبخانه‌ی گشتی شار و ناوچه‌كه‌. هه‌وڵبدرێت دیاری سه‌ركه‌وتنی قوتابی كتێب بێت.

دایك و باوك (كۆمه‌ڵایه‌تی)
دایك و باوك به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر نه‌خوێنده‌واری و هاورێینه‌بونی منداڵیان له‌گه‌ڵ كتێب و خوێندنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م بابه‌ته‌ ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ئه‌ركیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چونكه‌ زۆربه‌ی كات دایك و باوكان نه‌خوێنده‌وارن و نازانن. بۆیه‌ ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن پلان و پڕۆژه‌یان بخه‌نه‌ كار بۆ پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری گشتی بۆ دایك و باوك و به‌خێوكاری قوتابی و منالانمان. ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه‌ له‌م بواره، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ گه‌نجان به‌ره‌و كتێب و خوێندنه‌وه‌ كه‌مه‌ندكێش بكه‌ن.


سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌ و ڕۆشنبیران
له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌ك ئه‌مانه‌ ده‌بێت پێشه‌نگ بن، هه‌وڵده‌ن خۆیان نمونه‌ی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن و هه‌میشه‌ ڕۆڵیان دیاربێ له‌ ته‌شویق به‌خشین و هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌ره‌و كتێب چون.
سیاسه‌تمه‌دار و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ئه‌ركی سه‌ر‌شانیه‌تی گرنگی به‌ لایه‌نی ئابوری وڵات بده‌ن و سكی برسی عه‌وام تێركه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ده‌م سكه‌وه‌ نه‌بن و بیر له‌ لایه‌نه‌كانی تری ژیان بكه‌نه‌وه‌.

مه‌لا و بانگخواز
ده‌بێ زۆر به‌ جوانی ڕوون بكرێته‌وه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ و كتێب و به‌ دوای زانست گه‌ڕان پایه‌كی تری په‌رستش و خواپه‌رستیه‌. له‌ هه‌ر وتار و كۆڕ و به‌رنامه‌یه‌كیان ئه‌وه‌ ڕوون بكه‌نه‌وه‌ و باسی جوانی و خۆشی خوێندنه‌وه‌ بكه‌ن و ته‌شویق دروست بكه‌ن و خه‌ڵك به‌ره‌و كتێــب ڕاكێشن.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ موسڵمانان كه‌ خوای گه‌وره‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئانی به‌ عیباده‌ت داناوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ سه‌لمێنه‌ر و به‌ڵگه‌ی موتڵه‌قی هه‌ر پرسیار و ته‌مبه‌ڵیه‌كه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی داموده‌زگا حكومی و ئه‌هلییه‌كان
به‌رده‌وام هانی فه‌رمانبه‌ر و ژێرده‌سته‌كانیان بده‌ن بۆخوێندنه‌وه‌ و خۆشیان خوێنه‌ری جددی بن. هه‌ر له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و له‌ پرسگه‌ش فه‌رمانگه‌كه‌ گرنگی كتێب و خوێندنه‌وه‌ نیشان بده‌ن، جا به‌ هه‌ڵواسینی لۆگۆیه‌ك، وێنه‌یه‌ك، وته‌یه‌ك، دانانی چه‌ند كتێبێك بێ، یان هه‌ر شتێكی تر.
هانیان بده‌ن به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب و له‌ بواره‌كه‌ی خۆیان كتێبیان بۆ پێشنیاز بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌، واته‌ ناوی كتێبیان به‌ دیاریكراوی پێ بڵێن ، وه‌كو پێشنیاز نه‌ك به‌ زۆر.

كتێبخانه‌ گشتییه‌كان
به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی كتێبخانه‌ی گشتی پشكی هه‌ره‌ مه‌زن و گه‌وه‌ری به‌رپرسیاریَتیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان له‌و بواره‌دا. جارێ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ر و كاربه‌ده‌ست و ئه‌میندار و ئه‌ندامانی كتێبخانه‌ی گشتی ده‌بێ ده‌رچووی ئه‌م به‌شه‌ بن له‌ كۆلێژ و له‌م بابه‌ته‌ ده‌بێ شاره‌زاییه‌كی باشیان هه‌بێ. پاشان ده‌بێ ئه‌وان كه‌سانی یه‌كه‌م و ده‌ستپێشخه‌ر بن بۆ هه‌ر كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ و مێزگرد و دیمانه‌ و بڵاوكراوه‌ و یا هه‌ر جۆره‌ ڕێگایه‌ك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری خوێندنه‌وه‌ و دروستكردنی ته‌شویق. داوای كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی زیاتر بكه‌ن بۆ شوێنی گشتی وه‌ك له‌ پارك و مۆڵ و گه‌ڕه‌كه‌كان.

هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژان
سه‌یر نه‌بێ لاتان گه‌ر بڵێم هونه‌رمه‌ندان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ و زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ خاوه‌نی هانده‌ر و خۆشه‌ویستی خۆیه‌تی . جا گه‌ر هونه‌رمه‌ندان له‌ دیدار و نوسیندا هه‌وڵی ڕاكێشانی سه‌رنجی عه‌وام بده‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌، كارێكی زۆر نیشتمانی و ئینسانی و دینی و ئه‌خلاقی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ده‌كرێ له‌ وێنه‌یه‌ك یا له‌ فیلمێ، یا شانۆیه‌ك، ته‌نانه‌ت له‌ كلیپێك ده‌توانن گه‌وره‌یی كتێب و گرنگی خوێندنه‌وه‌ بخه‌نه‌ ڕوو، كتێب لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بكه‌ن. من له‌ یادمه‌ یه‌ك دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا هونه‌رمه‌ند هه‌ردی صلاح له‌ چاوپێككه‌وتنێكی یه‌ك له‌ گۆڤاره‌ هونه‌رییه‌كاندا وتبوی "كتێب هاوڕێی شه‌وانمه‌"!.
له‌ كۆتاییدا پێم خۆشه‌ باس له‌ ئه‌ندامێكی تری كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌م و به‌ به‌رپرسی دابنێم به‌رانبه‌ر به‌و نه‌قسه‌ی كه‌ ئێمه‌ی كورد هه‌مانه‌، كه‌ ئه‌ویش به‌دخوێندنه‌وه‌یه،‌ یاخو بڵێین نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌، ئه‌ویش خوێنه‌ر خۆیه‌تی. حه‌قه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌ن هه‌وڵبده‌ن ده‌وروبه‌ر و خزمی خۆیان له‌م گه‌نجینه‌ شاراوه‌یه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ و گرنگی خوێندنه‌وه‌ بۆ داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌ ڕوون بكه‌نه‌وه‌ و یارمه‌تیان بده‌ن له‌ كرداری خوێندنه‌وه‌دا.

No comments:

Post a Comment

كۆمێنتت چیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌